بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: بۆ لەمەودوا بە ئۆتۆمبێلی مەدەنی [تابلۆ شارستانی] چاودێری شۆفێران دەکەین و هەر شۆفێرێک سەرپێچی بکات توشی سزای دارایی دەبێتەوە.
ڕۆژی چوارشەممە 14ی کانوونی دووەمی 2026 بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر ڕایگەیاند: بەهۆی تەواوبوونی کامێراکانی تیژڕۆی ڕووداوەکانی هاتووچۆ بە مردن و برینداربوون کەمبوونەتەوە، هەروەها لە پێناو سەلامەتی هاووڵاتیان بە پلانێکی نوێ بۆ ساڵی 2026 کار دەکەین.
هاتووچۆی هەولێر دەڵێت: لەناو ئۆتۆمبێلەکانی هاتووچۆدا بە هەردوو جۆری “تابلۆی میری و تابلۆی شارستانیی”ەوە بە بەرنامەیەکی نوێ بۆ ساڵی 2026 دەست دەکەین بە بەدواداچوونی جێبەجێکردنی یاسا، ڕێساکان و سزادانی ئەوانەی سەرپێچی دەکەن بەم جۆرانەی خوارەوە:
– ئۆتۆمبێلی بێ تابلۆ یان تابلۆی ساختە، لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵ دەکرێت و دەستی بەسەردا دەگیرێت.
– بەکارهێنانی مۆبایل لە کاتی شوفێریدا ڕووبەڕووی سزای دارایی دەکرێتەوە.
– بەکارنەهێنانی پشتێنی سەلامەتی، لە ناو شار و لە دەرەوەی شار، ڕووبەڕووی سزای دارایی دەکرێتەوە. بۆیە خۆتان ڕابهێنن کە لەگەڵ داگیرساندنی ئۆتۆمبێل، پشتێنی سەلامەتی ببەستن و ئەمەش بۆ سەلامەتیی خۆتانە.
– جام ڕەشکردنی بێ مۆڵەت، بەکارهێنانی نەشڕە و فلاشەر و دەستکاریکردنی گزۆز، دەستی بەسەردا دەگیرێ و سزای دارایی دەدرێت.
– شوفێریکردنی بێ مۆڵەت، ڕووبەڕووی دادگە و یاسا دەکرێتەوە.
– ماتۆڕسواری دیلیڤەری و هەر جۆرە ماتۆڕێکی دیکە پێویستە هەردوو تابلۆی پێشەوە و دواوەی پێوەبێت و بە فەرمی تۆمارکرابێت، بە پێچەوانەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت.
– ماتۆڕسوار دەبێ مۆڵەتی لێخوڕینی هەبێت و کڵاو و پێداویستی سەلامەتی لەسەر بێت، بە پێچەوانەوە سزای داریی دەدرێت.
هاتووچۆی هەولێر، هۆشداری ئەوەش بە شۆفێران دەدات “شوفێر پێویستە ئاگادار بێت کە هەموو کات لەژێر چاودێری تیمەکانی هاتووچۆیە. تیمەکانمان ئۆتۆمبێلی مەدەنی [ تابلۆ شارستانی] لە پاڵ ئۆتۆمبێلی میری بەکار دەهێنن بۆ چاودێریکردنی شەقامەکان و پەیڕەوکردنی یاساکان، چونکە شەقامەکان فەزای گشتیین و موڵکی هەموو خەڵکن، نابێ کەس بە سەرپێچیکردن پێشێلی یاسا و مافی هاووڵاتیانی دیکە بکات.”

