دوای نزیکەی پێنج مانگ لە دەستگیرکردنی لاهور شێخ جەنگی، بڕیارە سبەی دووشەممە لە دادگای سلێمانی دادگای بکرێت.
لاهور شێخ جەنگی، دامەزرێنەری ڕەوتی بەرەی گەل و هاوسەرۆکی پێشووتری یەکێتی نیشتمانی کوردستان، دوای ئەوەی لە ڕێکەوتی 2025-08-22 لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری سلێمانی پاش چوار کاتژمێر شەڕکردن لەنێو ماڵەکەی خۆی دەستگیرکرا، بەگوێرەی سەرچاوەیەک بڕیارە سبەی دووشەممە 12ی کانوونی دووەمی 2025 پڕۆسەی دادگایکردنەکەی لە دادگای سلێمانی بەرێوەبچێت.
سەرچاوەکە ئەوەشی ڕاگەیاند، “کوشتنی بە ئەنقەست و پیلاندانان بۆ کاری تێکدەرانە” ئەو تۆمەتانەن کە لاهور جەنگی پێی دەستگیرکراوە.
هەروەها لە بەشێکی دیکەی زانیارییەکانی، سەرچاوەکە ئەوەش ئاشکرا دەکات، سبەی لە کاتی دانیشتنەکەدا دادوەری دادگاکە بڕیاری یەکلاکەرەوە دەدات لەوەی کە ئایا هەر بەو دوو تۆمەتە دادگایی دەکرێت، یان ماددە یاساییەکانی بۆ دەگۆڕدرێت.