سەرلە بەیانی ئەمڕۆ ئاگر لە کارگەیەکی جپس لە کۆمەڵگەی پیرزین لە شاری هەولێر کەوتەوە. بەگوێرەی وتەی بەرگریی شارستانیی هەولێر، ئاگرەکە زیانی گیانی نەبووە و تەنها زیانەکان مادین.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ 6ی کانوونی دووەمی 2026 ئاگر لە کارگەیەکی جپس کەوتەوە و دەربارەی ئاگرەکە شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر ڕایگەیاند؛ “ کاژێر 5:48 خولەکی بەیانی لە ئاگرەکە ئاگادار کراینەوە، بەپێی زانیارییەکانمان تائێستا زیانەکان تەنیا مادین، هۆکاری ئاگرەکەش بە تەواوی دیار نییە، بەڵام کارگەکە مەرجی سەلامەتی تێدا نەبووە.”
شاخەوان سەعید دەربارەی کارگە گڕگرتووەکە زیاتر زانیاری ئاشکرا دەکات و دەڵێت؛ دەربارەی نەبوونی مەرجەکانی سەلامەتی، ئاگاداری بۆ خاوەنەکەی ڕۆیشتووە، سزاش دراوە لەبەرامبەر نەبوونی مەرجەکان، بەڵام مۆڵەتی کارکردنی نەبووە.
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر ئەوەشی ڕاگەیاند؛ 20 تیممان لێرەن بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە. بەگوێرەی زانیارییەکانی داڵ میدیا لە ئێستادا بەشی زۆری ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ کراوە.