زانکۆیەکی کوردستان قوتابییەکانی بۆ خوێندنی ماستەر دەنێرێتە ئیتاڵیا

زانکۆی سەلاحەدین – هەولێر، هەموو یەکەمەکانی سەر ئاستی بەشەکان بۆ خوێندنی ماستەر دەنێرێتە زانکۆ بەناوبانگەکانی ئیتاڵیا.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18ی کانوونی یەکەمی 2025، زانکۆی سەلاحەدین – هەولێر لە ڕاگەیاندراوێکدا ڕایگەیاند: “پ.د.کامەران یونس، سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین لە ڕێگەی دابینکردنی سکۆلەرشیپی هاوبەش، یەکەمەکانی سەر ئاستی بەشەکان بۆ خوێندنی ماستەر دەنێرێتە زانکۆ بەناوبانگەکانی ئیتاڵیا.”

هەر بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەکەی زانکۆی سەلاحەدین بێت: “ئەم سکۆلەرشیپە هاوبەشە، سەرجەم دەرچووە یەکەمەکانی گشت بەشە زانستی و مرۆڤایەتییەکانی زانکۆی سەلاحەدین بۆ ساڵی ئەکادیمی خوێندنی 2024 -2025 دەگرێتەوە.”

زانکۆی سەلاحەدین لەبارەی کرێی خوێندنیش دەڵێت: “كرێی خوێندن و تێچووی لاب (Tuition Fee و Bench Fee)  لە ئەستۆى زانكۆى سەڵاحەدين دەبێت، بەڵام تێچووی مانەوە و خەرجی ژیانی رۆژانەی لە ئەستۆی قوتابی پێشکەشکار دەبێت.”

جێگای باسە لەماوەی ڕابردوو لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین، “پ.د شریف مولود شریف “ یاریدەدەری سەرۆكی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا سەردانی ووڵاتی ئیتاڵیای کرد. لە سەردانەکەدا بەمەبەستی هەماهەنگی ئەکادیمی زانستی چەندین کۆبونەوەی گرنگی لەگەڵ دوو سەرۆک زانکۆی ئیتاڵی ئەنجامدا بە ناوەکانی زانکۆی [Piedmont] لە [Novara] و لەگەڵ سەرۆکی زانکۆی [Pavia] لە شاری [Pavia]. هاوکات لەو سەردانەدا دوو یاداشتنامەی لێکگەیشتن واژۆکران.

زانکۆی سەلاحەدین لە 16 کۆلێژ و 86 بەش پێکدێت، نزیکەی 25 هەزار خوێندکاری بەکالۆریۆس و دوو هەزار قوتابی خوێندنی باڵای هەیە. بۆ ئەم ساڵی خوێندن چەندین بەشی نوێ کرایەوە، یەکێک لە بەشەکان بەشی ‘ژیری دەستکرد’ بوو.