نێچیرڤان بارزانی سەردانی سلێمانی دەکات

سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە سەردانی سلێمانی بکات و بەشداربێت لە کۆنفرانسی هاوپەیمانیی سۆشیاڵ دیموکراتی وڵاتانی عەرەبی.

ڕۆژی پێنجشەممە 28ی ئابی 2025 دووەم ڕۆژی کۆنفرانسی هاوپەیمانیی سۆشیاڵ دیموکراتیی وڵاتانی عەرەبی دەبێت لە شاری سلێمانی و داڵ میدیا زانیویەتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دووەم ڕۆژدا بەشداری کۆنفرانسەکە دەکات.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەکو سەرکردەیەکی کاریگەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، عێراق و هەرێمی کوردستان بەشدار دەبێت.

لە کۆنفرانسەکەدا، کەسایەتییە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، هەروەها نوێنەری وڵاتانی ئەوروپی، ئەمریکی، عەرەبی، نوێنەری سەرجەم ڕێکخراوەکانی ژنان و گەنجان لە سەرانسەری ناوچەکەدا بەشداردەبن. 

کۆنفرانسی هاوپەیمانیی سۆشیاڵ دیموکراتیی وڵاتانی عەرەبی بۆ ئەم ساڵ لە ڕێکەوتی 27  تاوەکو 30ی ئابی 2025  بەرێوەدەچێت و بەگوێرەی زانیارییەکان ڕۆژی پێنجشەممە 28ی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشداری لە کۆنفرانسەکە دەکات.