لە هەولێر دەست بەسەر ئۆتۆمبێلێکی ژمارە بەغدا گیرا کە زیاتر لە 80 ملیۆن دینار سزای سەرپێچی یاساکانی هاتووچۆی لەسەر بووە.
ئەمڕۆ دووشەممە 25ی ئایاری 2026 هێمن ئەمین، گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر ڕایگەیاند: ” ئۆتۆمبێلێکی ژمارە بەغدا لە شاری هەولێر دەستی بەسەرداگیراوە کە بڕی 80 ملیۆن و 235 هەزار دینار سزای سەرپێچی یاساکانی هاتووچۆی لەسەر بووە.”
هێمن ئەمین، گوتیشی: “شۆفێرەکە کەوتبووە نێو بازگەیەکی پۆلیسی هاتووچۆ و داوای مۆڵەتی لێکرابوو. دیار بوو هەر لە بنەڕەتدا مۆڵەتی نەبوو، بەو هۆیەوە دەست بە بەدواداچوون کرا.”
گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر، ئاماژەی بەوەش کرد، “شۆفێرەکە هاووڵاتییەکی عەرەبە، کاتێک لە کۆمپیوتەر سەیری سەرپێچییەکانی کراوە، دەرکەوتووە زیاتر لە 80 ملیۆن دینار سزای سەرپێچیی لەسەرە.”
بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەرێمی كوردستان، هەر كەسێک بێ مۆڵەتی شۆفێری بکات یان مۆڵەتی لێ سەنرابێتەوە یان هەڵوەشێنرابێتەوە، سزاکەی دەستبەسەرکردنە بۆ مانكێگ كەمتر نەبێت و لە شەش مانگیش زیاتر نەبێت.