بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، لە ڕۆژی شەممەوە، دۆخی دابەشکردنی ئاو لە سلێمانی وەک پێشووی لێدێتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 6ی ئابی 2026 بەختیار تاهیر، بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی ڕایگەیاند: “تاوەکو ڕۆژی شەممە، ئەو پەمپانەی لە دووکانەوە ئاویان بۆ سلێمانی دەگواستەوە و تێکچووبوون، کێشەکانیان چارەسەردەکرێت، لە ڕۆژی شەممەوە کێشەی کەمئاویی گەڕەکەکان چارەسەردەبێت و نامێنێت.”
بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی گوتیشی: “لەمەودوا دۆخی دابەشکردنی ئاو وەک پێشووی لێدێتەوە و گەڕەکەکانی سلێمانی لە ماوەی چوار ڕۆژدا ئاویان بۆ بەردەدرێتەوە، هەروەها کەمترین کاتی بەردانەوەی ئاویش، دوو بۆ سێ کاتژمێر دەبێت.”
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە بەشێکی گەرەکەکانی سلێمانی کێشەی کەمئاوی سەریهەڵدا و هاووڵاتییان بە تانکەر ئاویان دەکڕی. کێشەی کەمئاوی ساڵانە لە سنووری ئەو پارێزگایە ڕوودەدات بەڵام ئهمساڵ زیاتر بووه.