لە ماڵێکی ناحیەی کەڵەکچی، بەهۆی تەقینەوەی بوتڵێکی بچووکی غازەوە 3 کەس بریندار بوون کە پێکهاتوون لە باوک و کچێک لەگەڵ دراوسێیەکیان.
ئەمڕۆ سێشەممە 4ی ئابی 2026 هەڤاڵ موحەممەد، بەڕێوەبەری ناحیەی کەڵەکچی ڕایگەیاند: “ڕووداوەکە لە سەنتەری ناحیەی کەڵەکچی بەهۆی تەقینەوەی بوتڵی غازی بچووک لەنێو چێشتخانەی ماڵەکە ڕووی داوە، بەهۆی ئەوەی چێشتخانەکە پڕ بووە لە غاز، دوای ئەوەی کچی ماڵەکە بەبێ ئاگایی چەرخی هەڵکردووە، تەقینەوەیەکی گەورە دروست بووە.”
ئێستا هەر سێ بریندارەکە بۆ وەرگرتنی چارەسەری، ڕەوانەی بەشی سووتانی نەخۆشخانەی دهۆک کراون. بەپێی قسەی کەسوکاری ئەو خانەوادەیە، دۆخی تەندروستییان جێگیرە.
بەکارهێنان و هەڵگرتنی بوتڵی غازی بچووک (پیکنیک) لە ناوماڵدا پێویستی بە وریاییەکی زۆر هەیە، چونکە بچووکترین لێچوونی غاز لە شوێنێکی داخراودا، بە بچووکترین پریشک یان ئاگر دەبێتە هۆی تەقینەوە و مەترسیی ڕاستەوخۆ بۆ سەر گیان و ماڵی هاووڵاتییان دروست دەکات.