بافڵ جەلال تاڵەبانی: یەکێتی بەردەوام لە خەمی شەنگالدایە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە 12ەیەمین ساڵیادی جینۆسایدکردنی ئێزدییەکان پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: “داگیرکردنی شەنگال و کۆمەڵکوژیی خوشک و برا ئێزدییەکان زامێکی لەبیرنەکراوە و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەردەوام لە خەمی شەنگالدایە.”

ئەمڕۆ دووشەممە 3ی ئابی 2026 بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند: “داگیرکردنی شەنگال و کۆمەڵکوژیی خوشک و برا ئێزدییەکان زامێکی لەبیرنەکراوە و هەموو ساڵێک لەم ڕۆژەدا لەگەڵ کەسوکارمان دەوەستین و یادی هەموو ئەو ئازیزانەمان دەکەینەوە کە بوونە قوربانی و یادەوەرییان بەرز ڕادەگرین.”

بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوەش کرد، کە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی شنگال بە سست و ناتەواو بەڕێوەدەچێت و داوای وەرچەرخانێکی جدی لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ناوچەیە دەکات.

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جەخت لەوەش دەکاتەوە کە حیزبەکەی بەردەوام لە خەمی شەنگالدایە، هۆشداریش دەدات کە هەنگاوەکان بۆ سڕینەوەی ئاسەواری شەڕ لە ئاست قەبارەی ئەو زامە قووڵەدا نین کە بەر خەڵکی ناوچەکە کەوتووە.

دەقی پەیامەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان:

داگیرکردنی شەنگال و کۆمەڵکوژیی خوشک و برا ئێزدییەکان زامێکی لەبیرنەکراوە و هەموو ساڵێک لەم رۆژەدا لەگەڵ کەسوکارمان دەوەستین و یادی هەموو ئەو ئازیزانەمان دەکەینەوە کە بوونە قوربانی و یادەوەرییان بەرز رادەگرین.

هەنگاوەکان بۆ ئاوەدانکردنەوەی شەنگال و دەوروبەری و قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان لە ئاستی ئەو زامە قوڵەی ئێزدییەکان نییە. هیوادارین ئەم ساڵیادە هاندەری هەموو لایەک بێت بۆ یەکخستنی هەوڵە نیشتمانییەکان تاوەکو لە ئاست دڕندەیی ئەم تاوانەدا، ئاوڕی جدیتر لەو ناوچەیە و خەڵکەکەی بدرێتەوە.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەردەوام لە خەمی شەنگالدایە تاوەکو لە دەرەوەی ململانێ سیاسییەکان هەموومان پێکەوە کاربکەین بۆ سڕینەوەی ئاسەواری ئەو تاوانە و ببینە هیوا بۆ داهاتوویەکی باشتر بۆیان.

بافڵ جەلال تاڵەبانی

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان