بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێک و کەوتنەخوارەوەی بۆ ناو قووڵایی دۆڵێک لە بەرزاییەکانی شاهۆ لە پاوە، چوار کەس گیانیان لەدەستدا و کەسێکی دیکە بە سەختی بریندار بوو.
ئەمڕۆ شەممە 1ی ئابی 2026 هاونیشتمانییەک لە شاری پاوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕایگەیاند: “ئێوارەی ڕۆژی هەینی لە بەرزاییەکانی شاهۆ و لە نزیک شاری پاوە، ئۆتۆمبێلێکی پراید وەڕگەرا و لە ئەنجامدا سێ ژن و منداڵێک گیانیان لەدەستدا، ژنێکی دیکەش بە سەختی بریندار بوو.”
ئەو هاونیشتمانییە گوتیشی: “ئەو چوار کەسەی لە ڕووداوەکە گیانیان لەدەستداوە لە یەک خیزانن و خەڵکی گوندی سەریاسن.”
هاونیشتمانییەکە ئاماژەی بەوەش کرد، “ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە بریتین لە “سۆنیا حوسێنی”، “لیدا حوسێنی”، “هەتاو حوسێنی”، “ئانیستا حوسێنی”.
هاوکات، “گەشاو حوسێنی” لە ڕووداوەکەدا بە سەختی بریندار بووە و بەهۆی ناجێگیریی دۆخی تەندروستییەوە، بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی کرماشان کراوە.