مەسرور بارزانی پێشوازیی لە موحەممەد حەلبووسی کرد و هەردوولا هاوڕابوون لەسەر خزمەتکردنی هاووڵاتییانی عێراق بە بێ جیاوازی.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 30ی تەممووزی 2026 موحەممەد حەلبووسی، سەرۆکی حیزبی تەقەدووم بە یاوەریی بەشێک لە سەرکردەکانی حیزبەکەی گەیشتە هەولێر و لە فڕۆکەخانە لەلایەن هۆشیار زێباری، بەرپرسی ناوەندی سەرکردایەتیی پارتی لە بەغدا، ڕێبەر ئەحمەد، ئومێد خۆشناو، پارێزگار هەولێر و بەشێکی تر لە بەرپرسانی پارتییەوە پێشوازی لێکرا.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت: “هەردوولا جەختیان لە پێویستی پەرەپێدانی پەیوەندی و هاریکاری و هاوئاهەنگی هێز و لایەنە سیاسییەکانی عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کێشە و ئاستەنگ و ئالنگارییە جۆراوجۆرەکان کرد.”
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەشڵێت: “هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی پاراستنی سیستەمی دیموکراسی و فیدراڵی عێراق و پشتیوانیکردنی حکومەتی فیدراڵ لە پێناو پاراستنی مافە دەستوورییەکانی گشت پێکهاتەکان و خزمەتکردنی سەرجەم هاووڵاتییانی عێراق بەشێوەیەکی دادپەروەرانە و بێ جیاوازی.”