پلەکانی گەرما ڕوو لە بەرزبوونەوە دەکەن

شارەزایەکی بواری کەشناسی ڕایدەگەیەنێت، سێ ڕۆژی داهاتوو گەرمترینی ئەم مانگە دەبن و گەرمای ڕاستەقینەی هاوین دەستپێدەکات.

ئەمڕۆ سێشەممە 28ی تەممووزی 2026 ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی ڕایگەیاند: “ئەمڕۆ شەپۆلی گەرما لە ناوچەکانمان دەستپێدەکات و پلەی گەرما بەراورد بە دوێنێ سێ تا چوار پلەی سیلیزی بەرزدەبێتەوە.”

ئاراس جەبار گوتیشی: “سبەی چوارشەممە کاریگەرییەکەی زیاتر دەبێت، کە ئەمەش یەکەم شەپۆلی گەرمای هاوینی ئەمساڵە.”

ئەو کەشناسە ئاماژەی بەوەش کرد، ” سێ ڕۆژی داهاتوو گەرمترین ماوەی ئەم مانگە دەبێت، بەهۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی شێ، لە شەودا هەوا گەرم و بێزارکەر دەبێت، بە ڕۆژیش باشترە خۆتان لە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ بە تیشکی خۆر بپارێزن.”