سەرۆک بارزانی پرسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی سەرۆکی سووریا کرد، بەبۆنەی ئەو ڕووداوە هاتووچۆیەی بووە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی دەیان کەس.
ئەمڕۆ یەکشەممە 26ی تەممووزی 2026 بارەگای بارزانی بڵاویکردووەتەوە: “سەرۆک مەسعود بارزانی پرسە و هاوخەمیی خۆی بە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا ڕاگەیاند بۆ ڕووداوە هاتووچۆیە دڵتەزێنەکەی دوێنێی ئەو وڵاتە کە تێیدا ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییان گیانیان لەدەست دا و بریندار بوون.”
دوێنێ ڕووداوێکی سەختی هاتووچۆ لەسەر ڕێگای سەرەکیی نێوان دێرەزوور و دیمەشق بەهۆی پێکدادانی دوو پاس ڕووی دا. یەکێک لە پاسەکان هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سووریای دەگواستەوە و ئەوی دیکەشیان هاووڵاتییانی مەدەنیی تێدابوو.
بەپێی ئامارەکان 35 کەس دەستبەجێ گیانیان لەدەست دا و 30 سەرنشینی دیکەش بریندار بوون.