بەرپرسێکی یەکێک لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، کە جەستەی نۆ پێشمەرگەیان سووتاوە و لە هێرشەکاندا ماددەیەک بەکارهێنراوە کە فسفۆری سپی تێدا بووە.
ئەمڕۆ دووشەممە 20ی تەممووزی 2026 ئەدیب خالیدییان، ئەندامی سەرکردایەتی حیزبی پارتی ئازادی کوردستان(پاک) ڕایگەیاند: “بۆردوومانەکە بە یەک درۆن بوو، بەڵام ماددەی تەقەمەنییەکەی جیاوازتربوو لە هەموو درۆنەکانی پێشوو، ئاگر و کاریگەرییەکەشی جیاواز بوو.”
ئەدیب خالیدییان گوتیشی: “بەهۆی هێرشەکەوە نۆ پێشمەرگەمان بریندار بوون و جەستەیان سووتاوە، هەشتیان ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون و ئێستا چارەسەری پزیشکی وەردەگرن.”
هاوکات ئاماژەی بەوە کرد، “لە تەقەمەنی درۆنەکەدا ماددەی فسفۆری سپی بەکارهێندراوە، ئێمە خۆمان لەوە دڵنیابووینەتەوە، چونکە گڕە گەورەکەی، زۆریی پانتایی ئەو شوێنە گری گرت و برینی بریندارەکان ئەوەی بۆ دووپاتکردووینەتەوە.”
فسفۆری سپی ماددەیەکی کیمیاییە و هەر کە بەر ئۆکسجینی هەوا دەکەوێ، لە خۆیەوە گڕ دەگرێ و تاوەکو بە تەواوی نەسووتێیت، ئاگرەکەی ناکوژێتەوە.