بە درۆن و مووشەک هێرش کرایە سەر هەولێر و سلێمانی و قوربانی لێکەوتەوە

ئەمشەو شارۆچکەی تاسڵوجە لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆردومان کرا، هەروەها بەهۆی هێرشەکەوە دەنگی چەندین تەقینەوەی بەهێز لە ناوچەکەدا بیسترا و هاوکات  ژمارەیەک درۆنیش لە ئاسمانی شاری هەولێر لە لایەن سیستەمی بەرگریی ئاسمانییەوە تێکشکێنران و خرانە خوارەوە.

ئەمڕۆ هەینی 17ی تەممووزی 2026 سامان نادر، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی خێرایی سلێمانی ڕایگەیاند: “لە ئاکامی هێرشەکەی سەر تاسلۆجە 2-3 بریندار هەن، بەڵام برینەکانیان سووکن و گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.”

لای خۆیەوە، هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی داوای لە هاووڵاتییانی سنوورەکە کرد کە لە پێناو پاراستنی سەلامەتیی خۆیان لە شوێنی بۆردومانەکان نزیک نەبنەوە وە، ڕێگری یان ئاستەنگی هاتووچۆ بۆ هێزەکانی ئاسایش، ناوخۆ و تیمی لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە دروست نەکەن، تاوەکو بتوانن کار و ئەرکەکانی خۆیان بە شێوەیەکی پیشەیی و خێرا ڕاپەڕێنن.

هەر ئەمشەو هەینی، بە چوار درۆن هێرشکرایە سەر هەولێر، بەڵام بەر لەوەی درۆنەکان ئامانج بپێکن، تێکشکێنران.

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە قۆناخێکی هەستیار تێپەڕ دەبێت، دەستپێکردنی زنجیرە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران لە لایەک و بەئامانجگرتنی بەردەوامی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە لایەکی دیکەوە، ناوچەکەیان خستووەتە سەر لێواری تەقینەوەیەکی گەورە.