بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما دەوامی فەرمانبەران کەمکرایەوە

پارێزگاری كەركووك بڕیاریدا دەوامی سەرجەم فەرمانبەرانی پارێزگاكە كەمبكرێتەوە بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ی تەممووزی 2026 پارێزگاری كەركووك ڕایگەیاند: دەوامی سەرجەم فەرمانبەران لەكەركووك كاتژمێر 7:30 خولەکی بەیانی دەستپێدەكات ‌و لەكاتژمێر 1:30ـی خولەکی دوای نیوەڕۆ كۆتایی دێت.

كەمكردنەوەی دەوامی فەرمانبەرانی كەركووك لەڕۆژی یەكشەممەی هه‌فته‌ى داهاتوو دەستپێدەكات ‌و تاوه‌كو ڕۆژی 31ـی مانگی ئابی داهاتوو بەردەوام دەبێت.

بڕیارەکە ئاڕاستەى سەرجەم یەکە کارگێڕییەکانى سنوورى پارێزگاى کەرکووک کراوە و داواکراوە ڕاستەوخۆ جێبەجێبکرێت.

ئەم بڕیارەی پارێزگاری كەركووك لە كاتێكدایە كە ماوەی چەند ڕۆژێكە پلەكانی گەرما لەهەرێم ‌ و تەواوی پارێزگاكانی عێراق بەشێوەیەكی بەرچاو ڕوویان لەبەرزبوونەوە كردووە و لەهەندێك شوێن گەیشتووەتە 50 پلەی سیلیزیی.