دوو منداڵ بە بەرچاوی باوکیانەوە خنکان

لە گوندی “سلندا”ی سەر بە قەزای مۆتکای لە پارێزگای بەدلیسی باکووری کوردستان، باوکيک لەگەڵ سێ لە کوڕەکانی دەچنە سەیران، لە کاتی پەڕینەوەیان لە ڕووباری سلندا هەر سێ کوڕەکەی ئاو دەیانبات، لە ئەنجامدا دوو لە کوڕەکانی گیانیان لەدەستدا و یەکێکیشیان بە سەلامەتی ڕزگارکرا.

ئەمڕۆ جەماڵ یەشێلۆوا باپیری منداڵەکان گوتی: “نەوەکانی من بوون، نەوەکانی من! نازانم چی بکەم، ناتوانم خۆم لەبیر بکەم و تەنیا گریانم دێت.”

لەلایەکی دیکەوە، یەکێک لە هاوگوندەکانی خێزانەکە ڕایگەیاند: “سێ لە منداڵ بوون و باوکیان لەگەڵ بوو، باوکیان یەکێکیانی پەڕاندەوە پێی گوتن لێرە بوەستن تا دێمەوە ئێوەش دەپەڕێنمەوە. کاتێک باوکەکە گەیشتە ناوەڕاستی ئاوەکە، منداڵەکانیش کەوتوونەتە شوێنی و ویستوویانە بپەڕنەوە، تا باوکەکە ئاوڕ دەداتەوە، ئاوەکە هەردووکیانی بردووە.”

ئەمە یەکەم ڕووداوی جەرگبڕی ئەم ڕووبارە نییە؛ مێژووی ڕووباری سلندا پڕە لە ڕووداوی لەو شێوەیە، تەنانەت 10 ساڵ لەمەوبەریش موختاری گوندەکە لە هەمان ڕووباردا خنکابوو.