لە کوێستانەکانی چیای گۆشینە لە دەڤەری باڵەکایەتی، شوانیک لە کاتی لەوەڕاندنی ئاژەڵەکانیدا بەر مینێکی چێندراو کەوت و بەسەختی بریندار بوو.
ئەمڕۆ سێشەممە 30ی حوزەیرانی 2026 د.حەمرین مینە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئاشتی فێرکاری لە سۆران ڕایگەیاند: “ئەو هاووڵاتییە گەیەندراوەتە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکەمان. بەهۆی توندی تەقینەوەکەوە، قاچێکی پەڕیوە و برینەکەی سەختە.”
د.حەمرین مینە، ئاماژەی بەوەش کرد کە لە ئێستادا پزیشک و کارمەندانی تەندروستی سەرقاڵی ئەنجامدانی تیمار و چارەسەری پێویستن بۆی.
بەگوێرەی زانیارییەکان، بریندارەکە ناوی سەرهەنگ قادرە و تەمەنی 27 ساڵە، دانیشتووی گوندی گەزنەی دەڤەری باڵەکایەتییە. ڕووداوەکە لە کاتێکدا بووە، ناوبراو سەرقاڵی کارەکەی بووە لە کوێستانەکانی ناوچەکە.