قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە دووەم ڕۆژی سەردانەکەیدا بۆ بەغدا لەگەڵ 15 باڵیۆزی وڵاتانی ئەورووپا لە عێراق کۆبووەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 29ی حوزەیرانی 2026 قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران ڕایگەیاند: “هەرێم بە هیچ شێوەیەک نابێتە بەشێک لە شەڕ و ململانێ ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، بەڵکو بەپێی سەنگ و قورسایی خۆی لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان کار دەکات لە پێناو هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە.”
قوباد تاڵەبانی، گوتیشی: “دۆخێکی نوێ لە هەرێم هاتووەتە ئاراوە و لەم دۆخەدا، دواخستنی زیاتری پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم زیانی قەرەبوونەکراو بە پێگەی هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت.”
جێگری سەرۆکوەزیران داواشیکرد لایەنەکانی هەرێم بە لەبەرچاوگرتنی هەڕەشە و ئاڵنگارییەکان بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن و بە تێگەیشتنی نوێوە پەلە بکەن لە پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی هەرێم.