بەهۆی ڕووداوێکی سەختی هاتووچۆ لە سنووری قەزای ڕانیە، سێ کەس گیانیان لەدەستدا و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون کە باری تەندروستیی یەکێکیان ناجێگیرە.
ئەمڕۆ سێشەممە 23ی حوزەیرانی 2026 فەرمان ئەحمەد، بەڕێوەبەری کارگێڕیی نەخۆشخانەی فێرکاریی ڕانیە ڕایگەیاند: “تەرمی قوربانییەکان و بریندارەکان گەیەندراونەتە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکەمان. تیمە تەندروستییەکان بەپەلە بەدەنگ بریندارەکانەوە چوون و چارەسەری پێویستیان بۆ دەکرێت.”
لەلایەکی دیکەوە، عەلی عەبدوڵڵا، گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی ڕاپەڕین ڕایگەیاند: “ڕووداوەکە لەسەر ڕێگەی دەربەندی ڕانیە لە جۆری وەرگەڕان بووە، ئۆتۆمبێلێکی بچووک لە جۆری قەمەرە وەرگەڕاوە و ئەم ڕووداوەی لێکەوتووەتەوە، تیمەکانمان بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر چوونەتە شوێنی ڕووداوەکە.”
ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە دایک و دوو منداڵین. دوو منداڵەکە کوڕ و کچێکی تەمەن بچووکن. بریندارەکانیش باپیر و کچێکی دیکەیانن.