بارهەڵگرێک لەسەر ڕێگای نێوان کەرکوک بۆ پردێ گڕیگرت، جگە لە سووتانی بارهەڵگرەکە 53 ملیۆن دیناریشی تێدا سووتا، بەڵام شۆفێرەکەی سەلامەت دەرچوو.
ڕۆژی دووشەممە 27ی نیسانی 2026 پۆلیسی ناحیەی پردێ ڕایگەیاند: “بارهەڵگرێک لە جۆری “میتسیۆبوش”ی کە باری خەڵکی بارکردووە و لە کەرکووکەوە بەرەو هەولێر ڕۆیشتووە، لە نزیک ناحیەی پردێ و بەدیاریکراوی لە نزیگ گوندی کەڵوڕ گڕیگرتووە و سووتاوە.”
پۆلیس ئاماژەی بەوەش کرد، “ڕووداوەکە زیانی گیانی نەبووە، بەڵام لەناو بارهەڵگرەکەدا بڕی 53 ملیۆن دیناری عێراقی سووتاوە. لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەستی پێ کردووە و هێشتا هۆکاری ڕاستەقینەی ئاگرکەوتنەوەکە دیار نییە.”
ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە، دوو ڕۆژ لەمەوبەریش لە کەرکووک بارهەڵگرێک کۆنتڕۆڵی لەدەست دا و بەهۆیەوە شەش کەس گیانیان لەدەست دا و 27 کەسی دیکەش بریندار بوون.