بڕیاری پێدانی هەزاران یەکەی نیشتەجێبوون بۆ خێزانە کەمدەرامەتەکان دەرچوو

لەسەرانسەری هەرێمی کوردستان 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ خێزانە کەمدەرامەتەکان دروست دەکرێت، کە بە شێوەی قستی درێژخایەنی 15 ساڵ بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش دەکرێن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 11ی حوزەیرانی 2026 سامان عارەب، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی هەولێر ڕایگەیاند: “لە کۆی گشتی ئەو 20 هەزار یەکەیەی دروست دەکرێت، شەش هەزار یەکەیان لە شاری هەولێر دەبن، هەرچەندە لە ئێستادا کارکردن لە پڕۆژەکەدا وەستاوە، بەڵام لە ئایندەیەکی نزیکدا دەستپێدەکاتەوە.”

سامان عارەب، گوتیشی: “ئەو کەسانەی تازە هاوسەرگیرییان کردووە زیاتر خواستیان لەسەر شوقەیە، بەڵام خێزانە قەرەباڵغەکان خانوویان پێ باشترە.”

پڕۆژەکە بە هاوبەشی لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و کەرتی تایبەت جێبەجێ دەکرێت، حکومەت بەرپرسیار دەبێت لە دابینکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکانی وەک شەقام، قوتابخانە و مزگەوت.