بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی تۆڕی هەواڵی بی بی سی(BBC) 300 گەنجی باشووری کوردستان لەلایەن میلیشیا چەکدارەکانی لیبیا دەستگیرکراون و هەڕەشەی ئەوە دەکەن کە بە زوویی هەر خێزانی کۆچبەرێک 50 وەرەقەیان بۆ نەنێرێت، گورچیلەیان دەردەهێن.
ڕۆژی سێشەممە 9ی حوزەیرانی 2026 تۆڕی هەوڵی بی بی سی(BBC) بڵاویکردووەتەوە، کێشەکە بەهۆی ناکۆکیی نێوان چەکدارە لیبییەکان و قاچاخچییەکی خەڵکی ڕانیە بە ناوی “نووح ئارۆن” دروست بووە، چونکە چەکدارەکان دەڵێن ئارۆن پارەی کەسەکانی پێشووی نەداون و ئەمان وەک بارمتە بەرامبەر ئەو پارەیە ڕاگیراون.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، بەشێک لە ڕفێندراوەکان پێش ئازادکردنیان بە زۆر گورچیلەیان دەرهێنراوە، ڕۆژانە تەنیا یەک ژەم و یەک نانیان پێدراوە، تەنیا بۆ ئەوەی نەمرن تا خێزانەکانیان پارەکە دەنێرن.
لە لایەکی دیکەوە، هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: داوا لە تەواوی ڕزگاربووەکان دەکەم کە قسە بۆ خزم و هاوڕێکانیان بکەن تا کەس ئەو ڕێگایە نەگرێتەبەر.”
بەپێی ڕاپۆرتەکە، چەکدارەکانی لیبیا داوای 5,000 دۆلار کە دەکاتە 50 وەرەقە لە خێزانی هەر کۆچبەرێک دەکەن بۆ ئازادکردنیان و هۆشداری دەدەن کە ئەگەر پارەکە بە خێرایی نەگات، گورچیلەیان دەردەهێنن.