دایک و کچێکی کورد لەلایەن بەرپرسێکی تاڵیبانەوە کوژران

دایک و کچێکی کورد کە خەڵکی شاری بۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن، لەلایەن بەرپرسێکی بزووتنەوەی تاڵیبانەوە کوژراون.

ڕۆژی سێشەممە 10ی حوزەیرانی 2026 تۆڕی هەواڵی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردەوە،  “چیمەن حوسەینزادە”، هاووڵاتی کوردی خەڵکی بۆکان و دانیشتووی ئەفغانستان، لەگەڵ کچەکەی “سارا یوسف”، بە دەستی بەرپرسێکی بزووتنەوەی تاڵیبان کوژراون، هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی ئەو بەرپرسەی تاڵیبان کە بە زۆر دەیویست لەگەڵ سارای 15 ساڵان هاوسەرگیری بکات.

ڕێکخراوەکە دەشڵێت: بەرپرسەکەی تاڵیبان چووبووە بەردەم ماڵی ئەو بنەماڵەیە و ویستبووی بە زۆر سارا لەگەڵ خۆی ببات، بەڵام دایکی ڕێگریی لێ کردبوو و نەیهێشتبوو، بەرپرسەکەی تاڵیبان کاتێک ڕووبەڕووی ڕێگری و بەرهەڵستبوونەوەی دایکەکە لە بەرانبەر گواستنەوەی زۆرەملێی کچەکەیدا بووبووەوە، دەستڕێژی گولـلەی لەو دایک و کچە کردبوو و هەردووکیانی کوشتبوو.

بەگوێرەی زانیارییەکان، بکوژ دوای ڕووداوەکە لەلایەن هێزەکانی تاڵیبانەوە دەستبەسەر کراوە، پرسەی دایک و کچەکەش لە  گوندی “کارێزە سەردار” بەڕێوەچووە.