فۆڕمی دامەزراندن بۆ سەتان کەس بڵاوکرایەوە

فۆرمی دامەزراندنی 250 کەس بۆ سنووری پارێزگای هەڵەبجە ڕاگەیەندرا و بەگوێرەی ئەنجومەنی ڕاژەی گشتی پڕۆسەکە 32 پسپۆڕیی جیاواز دەگرێتەوە و بۆ ماوەی دوو هەفتە بەردەوام دەبێت.

ئەمڕۆ دووشەممە 8ی حوزەیرانی 2026 فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاویکردەوە، ئەنجومەنی ڕاژەی گشتی بە مەبەستی دامەزراندنی 250 کەس بە شێوەی گرێبەست لە فەرمانگەکانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە، لینکی فۆرمی داواکاری بڵاو کردەوە، پڕۆسەکە 32 پسپۆڕیی جیاواز دەگرێتەوە و لە 10ی حوزەیرانەوە بۆ ماوەی دوو هەفتە بەردەوام دەبێت.

لە ڕاگەیەندراوەکەی فەرمانگەی میدیا و زانیاری چەند تێبینیەک سەبارەت بە پێشکەشکردنی فۆرمەکە هاتووە بەم شێوەیە:

پڕکردنەوەى فۆرمى داواکاری دامەزراندن لە لایەن پێشکەشکار تەنیا یەک جار و بۆ تەنیا یەک پسپۆرى دەبێت و هەر پێشکەشکارێک زیاتر لە یەک فۆرمى داواکارى ڕەوانە بکات، لە پێشبڕکێی دامەزراندن دووردەخرێتەوە و داواکارییەکەى بۆ هیچ پسپۆرییەک وەرناگیرێت.

پێویستە پێشکەشکار ڕاستى و دروستى زانیارییەکانى هاتوو لە ناوەرۆکى فۆرمەکەى بۆ هەر بڕگەیەک بە وێنەیەکى بەڵگەنامەى ڕەسەن پشتڕاست بکاتەوە. بە پێچەوانەوە خاڵى ئەو بڕگەیەى بەبێ بوونى بەڵگە پڕ کراوەتەوە هەژمار ناکرێت، پێویستە کۆى بەڵگەنامەکان پێکەوە لەناو تەنیا یەک فایلى (pdf) یەک بخرێت و قەبارەى فایلەکە لە (100) مێگابایت تێپەڕ نەکات.

پێویستە پێشکەشکار پێش ئەوەى کرتە لەسەر لینکى ناردنى کۆتایى فۆرمەکەى بکات، بەوردى پێداچوونەوە بە زانیارییەکان و بوونى بەڵگەکانى پێویست بکات. فۆرمى دواکارى دواى ناردنى لە لایەن پێشکەشکار ڕاستەوخۆ دەچێتە نێو کێبڕکێى دامەزراندن و هیچ بەڵگەنامە یان زانیارىی زیاتر لە پێشکەشکار وەرناگیرێت.

بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەکە، لینکی فۆڕمەکە لە ڕێکەوتى 10/6/2026 کارا دەکرێت و بۆ ماوەى 14 ڕۆژ تا ڕێکەوتى 24/6/2026 کۆتایى دەوامى فەرمى بەردەست دەبێت.

لینکی پڕکردنەوەی فۆڕمەکە: لینک