دووەم حاجی کورد لە مەککە گیانی لەدەستدا

دووەم حاجیی هەرێمی کوردستان کە دانیشتووی قەزای خەباتە، دوای تەواوکردنی فەریزەی حەج، لە شاری مەککە کۆچی دوایی کرد و بڕیارە هەر لەوێش بە خاک بسپێردرێت.

ڕۆژی سێشەممە 2ی حوزەیرانی 2026 کاروانی ستونی، گوتەبێژی فەرمی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: “ڕۆژی 2ی حوزەیرانی 2026، حاجییەکی کورد بەناوی یاسین ڕەجەب لە شاری مەککەی وڵاتی سعوودیە کۆچی دوایی کردووە. ئەم حاجییە تەمەنی 70 ساڵ بووە و خەڵکی شارۆچکەی خەباتە لە پارێزگای هەولێر، کە دوای کۆتاییهاتنی فەریزەی حەج گیانی لەدەستداوە.”

کاروان ستونی، بە ناوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەوە، پرسە و سەرەخۆشیی ئاراستەی خانەوادەی کۆچکردوو کرد و هیوای خواست خوای گەورە جێگەی بە بەهەشتی بەرین شاد بکات و سەبوری بە کەسوکاری ببەخشێت.

بەگوتەی گوتەبێژی حەج و عومرە، لە ئێستادا ڕێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان بۆ گواستنەوە و بەخاکسپاردنی تەرمەکە دەستیپێکردووە. بڕیار وایە دوای ئەنجامدانی نوێژی مردوو لە حەرەمی مەککە، تەرمی حاجی یاسین ڕەجەب هەر لە گۆڕستانەکانی شاری مەککە بە خاک بسپێردرێت.

ئەمە دووم حاجیی خەڵکی هەرێمی کوردستانە لە وەرزی حەجی ئەمساڵ لە سعوودیە گیان لەدەست دەدات. کە پێشتر و لە ڕێکەوتی 1ی حوزەیرانی 2026، حاجییەکی دیکە کە خەڵکی سنووری پارێزگای دهۆک بوو، لە شاری مەدینە کۆچی دوایی کردبوو.