سەڵاحەدین محەممەد بەهائەدین، ئەمیندارى یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان و پشتیوان سادق، ئەندامى مەکتەبی سیاسی پارتى و وەزیرى ئەوقافى هەرێمى کوردستان، ئاشکرایانکرد کە دوای جەژن پارتی و یەکێتی بەمەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتن کۆدەبنەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 27ی ئایاری 2026 سەڵاحەدین محەممەد بەهائەدین، ئەمیندارى یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان ڕایگەیاند: ” چاوەڕوان دەکرێت دواى جەژن پارتى و یەکێتى کۆببنەوە، سەرەتایەکى باشیان دەستپێکردووە و هەردوولاش لەگەڵ ئەوەن ڕێککەوتن بکرێت.”
سەلاحەدین بەهائەدین، ئاماژەی بەوەش کرد، کە یەکگرتوو بەشداری لە کابینەى نوێى حکومەتى هەرێمى کوردستان ناکات و ئۆپۆزسیۆن دەبێت.
لەلایەکی دیکەوە، پشتیوان سادق، ئەندامى مەکتەبی سیاسی پارتى و وەزیرى ئەوقافى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند: “پەیوەندى پارتى و یەکێتی زۆر خراپ نییە، هەردوو لایەنەکە و لایەنەکانى دیکەش بەردەوام لە پەیوەندیدا بوون لەگەڵ یەکدى و هەندێک کێشەى بچووک هەیە، چارەسەر دەبێت.”
وەزیری ئەوقاف، گوتیشی: “لەبەر ڕۆشنایی پەیامى سەرۆک بارزانی، دواى جەژن لایەنەکان و بەتایبەت یەکێتى و پارتى کۆدەبنەوە.”
پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک دوو هێزی سەرەکی و پێکهێنەری سەرەکی حکومەت، مێژوویەکی درێژیان لە هاوبەشی و هەندێک جاریش لە ناکۆکی سیاسی هەیە. لە ئێستادا و لەپێناو پاراستنی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان، هەوڵەکان چڕکراونەتەوە بۆ تێپەڕاندنی ساردیی پەیوەندییەکانی نێوانیان و دۆزینەوەی خاڵی هاوبەش.