مەسرور بارزانی: ئاگاداری ڕادەستکردنی چەک نین لەلایەن ئەمریکاوە

ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسێک دەربارەی ڕادەستکردنی چەک بە کورد لەلایەن ئەمریکاوە گوتی: ” حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک ئاگاداری ڕادەستکردنی چەک نییە.”

ئەمڕۆ یەکشەممە 24ی ئایاری 2026 مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەیدا بۆ بەغدا لەگەڵ قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق کۆبووەوە. دواتر قسەی بۆ ژمارەیەك دەزگای میدیایی كرد و ڕایگەیاند: “لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ قەیس خەزعەلی، باسی کێشەکانی هەولێر و بەغدامان کرد، هەروەها تەواوکردنی کابینەكەی عەلی زەیدی، تەوەرێکی دیکەی كۆبوونەوەكە بوو.”

 لە وەڵامی پرسیارێك دەربارەی گوایە ئەو چەكانەی سەرۆكی ئەمریكا باسی دەكات كە بە كوردی داوە، مەسرور بارزانی گوتی: “پێویستە ئەم پرسیارە لە حکومەتی ئەمریکا بکرێت، چونکە ئەگەر ئەمریکا چەکی ڕادەست کردووە، خۆیشی دەزانێت ڕادەستی کێی کردووە.”

مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد، “وەک حکومەتی هەرێم هیچ ئاگادارییەکی ئەم بابەتە نین و پێویستە ئەو لایەنەی چەکەکەی وەرگرتووە ئاشکرا بکرێت.”

پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو، ئیدارەکەی لە کاتی شەڕی ئەمریکا و ئێران بڕێکی زۆر چەکی پێشکەش بە کورد کردووە.