ئاسانکاری بۆ دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری دەکرێت

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی هەرێم بڵاویکردەوە، ئێستا هاووڵاتییان دەتوانن لە سەرجەم پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان، مۆڵەتی نێودەوڵەتی بۆ ماوەی یەک بۆ سێ ساڵ بەدەستبهێنن و تێچووەکەشی لە 60 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات.

ئەمڕۆ یەکشەممە 3ی ئایاری 2026 بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی هەرێم ڕایگەیاند: “مۆڵەتی شۆفێری نێودەوڵەتی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی هەرێم و بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان دەردەهێندرێت، تێچووەکەشی لە 60 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات و بە ماوەی نیو کاتژمێر مامەڵەکان تەواو دەکرێن و مۆڵەتەکە وەردەگیرێتەوە.”

لە بڵاوکراوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەرێم، ئاماژە بە پێداویستییەکانی مۆڵەتی شۆفێری نێودەوڵەتی کراوە بەم شێوەیە:

1- مۆڵەتی شۆفێری ڕەسەن کارا بێت ( بەسەر نەچووبێت ).

2- پاسپۆرتی ڕەسەن کارا بێت ( بەسەر نەچووبێت ).

3- دوو وێنەی ڕەنگا و ڕەنگ.

بەڕێوەبەڕایەتییەکە باسی لەوەش کردووە، بڕی تێچوو و ماوەی کارابوونی مۆڵەتی شۆفێری نێودەوڵەتی بە 3 شێوە دەدرێت بە شۆفێران بە ماوە و بڕی ڕسووماتی جیاواز بەم شێوەیەی خوارەوە:

1ـ بۆ ماوەی یەک ساڵ بڕی 60 هەزار دینار وەردەگیرێت.

2ـ بۆ ماوەی دوو ساڵ بڕی 110 هەزار دینار وەردەگیرێت.

3ـ بۆ ماوەی سێ ساڵ بڕی 160 هەزار دینار وەردەگیرێت.