لە ڕووداوێکدا لە ناوچەی گەلی عەلی بەگ لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئۆتۆمبێلێک کە پێنج سەرنشینی تێدابوو کەوتە نێو ڕووبارەوە. لە کاتێکدا ئافرەت و پیاوێک لە نێو ئۆتۆمبێڵەکە پەڕیون، سێ منداڵیان بێسەروشوێنن.
ئەمڕۆ هەینی 1ی ئایاری 2026 ڕەوەند هاودیانی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی سۆران ڕایگەیاند: “تیمەکانی ژێر ئاو گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و دەستیان بە گەڕان کردووە بۆ دۆزینەوەی منداڵەکان، بەهۆی ساردی، زۆری ئەشکەوت، تاشەبەرد و لێڵی ئاوەکە گەڕان بۆ تیمەکان قورس بووە.”
ڕەوەند هاودیانی ئاماژەی بەوەش کرد، “سێ منداڵی خێزانەکە کە تەمەنیان (8 ، 14، 17) ساڵە، کەوتوونەتە نێو ڕووبارەکە و ئاو بردوونی، تا ئێستاش شوێنەواریان دیار نییە.”
پێنج کەسەکە خەڵکی قەزای خەلیفانن و لەکاتی گەڕانەوەیان لەگەشت تووشی ئەو ڕووداوە بوونە.