تەرمی دوو کەس بە سووتاوی لە ماڵێکدا دۆزرایەوە

لە گەڕەکی “باخچەلیئەڤلەر” لە ناوەندی شاری “ئێلیهـ” تەرمی دوو کەس بە سووتاوی لە ماڵێکدا دۆزرایەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە 30ی نیسانی 2026 سەرچاوە هەواڵییەکان بڵاویانکردەوە، دوای ئەوەی هاونشتیمانیان بینیویانە لە نهۆمی سێیەمی باڵەخانەیەک دووکەڵ بەرز دەبێتەوە، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە، تەندروستی و پۆلیسیان ئاگادار کردووەتەوە.

هەر بە گوێرەی سەرچاوەکان؛ تیمەکان لەنێو ماڵەکەدا تەرمی (سورەیا ئا.ی.) تەمەن 45 ساڵ و (مەتین ئا.ی.) تەمەن 52 ساڵیان دۆزیوەتەوە کە بەهۆی سووتانەوە گیانیان لەدەستدابوو.

 تەرمی هەردوو کەسەکە بۆ توێکاری پزیشکیی دادوەری گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی فێرکاری و توێژینەوەی ئێلیهـ. لێکۆڵینەوە دەربارەی ڕووداوەکە دەستیپێکردووە.