کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەستپێکردنی پڕۆژەیەکی ئەزموونیی (تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتیی گشتگیر)ی لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند؛ کە ئامانج لێی هاوکاریکردنی خێزانە هەژار و پەنابەرەکانە.
ئەمڕۆ دووشەممە 27ی نیسانی 2026 کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند: “ناو تۆمارکردن بۆ ئەو خێزانانەی دەیانەوێت هاوکارییەکە وەربگرن تاوەکو 28ی نیسانی 2026 بەردەوام دەبێت، خێزانەکان دەتوانن لە دهۆک سەردانی ئەو سەنتەرانە بکەن لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتییەوە بەڕێوەدەبرێن، دواتر وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پلاندانان، خێزانە شایستەکان لەسەر بنەمای پێوەرەکانی هەژاری هەڵدەبژێرن و بڕیارە دابەشکردنی هاوکارییە دارایییەکان لە ناوەراستی ساڵی 2026 دەستپێبکات.”
لە لایەکی دیکەوە، ئاریان ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: “بەگوێرەی وەزارەتی پلاندان، دهۆک هەژارترین پارێزگای هەرێمی کوردستانە و زۆرترین ئاوارەش لەو پارێزگایەن، بۆیە هاوکاری 3200 خێزان لەو پارێزگایە دەکرێت.”
ئاریان ئەحمەد گوتیشی: “پڕۆژەکە ئەزموونییە، ئەگەر بە سەرکەوتوویی بەڕێوەچوو، دواتر پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە. پارەکە دیاری نەکراوە، بەگوێرەی ژمارەی ئەندامانی خێزان و دۆخ و گوزەرانیان بڕی پارەکە دیاری دەکرێت.”
ئەم دەستپێشخەرییە بەشێکە لە پشتگیرییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەشەپێدانی عێراق ، بە ئامانجی بونیاتنانی سیستمێکی پاراستنی کۆمەڵایەتیی دادپەروەرانە و بەردەوام بۆ هەموو پێکهاتەکانی وڵات.