دووەم منداڵی تەقەکردنەکەی بەردەڕەش گیانی لە دەستدا

موحەممەد نەکتەلی تەمەن 11 ساڵ دوای برینداربوونی لە شەڕەکەی بەردەڕەش و دوو ڕۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.

ئەمرۆ یەکشەممە 26ی نیسانی 2026 پزیشکی دادی هەولێر ڕایگەیاند: ” کەمێک پێش ئێستا تەرمی موحەممەد گەیەندراوەتە پزیشکی داد و ڕێکارە یاساییەکان دەستی پێ کردووە.”

لە لایەکی دیکەوە، کەسوکاری قوربانییەکە ڕایانگەیاند: “ڕووداوەکەی ماڵی “موحەممەد نەکتەل” لە ئەنجامی کێشەیەکی کۆنی بچووک سەری هەڵداوە کە پێش سێ مانگ بە ڕێگەی کۆمەڵایەتی و یاسایی چارەسەر کرابوو.”

بەپێی زانیارییەکان, برینداری دووەم بە ناوی موحەممەد نەکتەل تەمەنی 11 ساڵ بوو، بۆ ماوەی 30 کاتژمێر لەژێر چاودێریی چڕی پزیشکیدا مایەوە، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی سپارد.

ئەوەی جێگەی ئاماژە پێکردنە، ئەمە دووەم منداڵە لە ڕووداوی تەقەکردنەکەی بەردەڕەش گیان لە دەستدا، دوای  “میرزا عەلی” تەمەن 14 ساڵان کە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە هەر زوو گیانی لە دەستدا.

درەنگانی شەوی هەینی، لە سنووری قەزای بەردەڕەش بەهۆی کێشەیەکی کۆنەوە، کەسێک بە چەک هێرشی کردە سەر ماڵێک و دەستڕێژی گوللەی لێ کردن، لە ئەنجامدا دوو منداڵ بە سەختی برینداربوون و هەردووکیان گیانیان لە دەستدا.