بەرەی گەل لە نوێترین ڕاگەیەندراوی خۆیدا، کە هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی، تیشک دەخاتە سەر دۆسیەی دەستگیرکراوانی 23ی ئابی 2025 لە هۆتێل لالەزاری شاری سلێمانی و داوای یەکلاکردنەوەی یاسایی دۆسیەکە دەکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە 22ی نیسانی 2026 بەرەی گەل پەیامێکی بەپەلەی ئاراستەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە عێراق و هەرێمی کوردستان كرد و ڕایگەیاند: “پێویستە دەسەڵاتی دادوەری لە ژێر کاریگەری و فشاری سیاسی دووربخرێتەوە. دەبێت ڕێکارە یاساییەکان سەربەخۆیانە بەڕێوەبچن، نەک لە ژێر هەژموونی حیزبی و کەسییەوە.”
لە ڕاگەیەندراوەکەی بەرەی گەل هاتووە، “وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە ڕێڕەوی بەڕێوەچوونی دۆسیەکە، هەریەکە لە لاهور شێخ جەنگی و پۆلاد شێخ جەنگی لە ڕێکەوتی 19ی ئەم مانگەوە دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کردووە. داوا لە کونسوڵخانەکان، نوێنەری وڵاتان و باڵیۆزخانەکان دەکەین لە ڕێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە فشار بخەنە سەر دەسەڵاتدارانی سلێمانی بۆ کۆتاییهێنان بەو بارودۆخە.”
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەش، داوا لە حیزب، لایەنە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کراوە هەڵوێستی ڕوونیان هەبێت بەرامبەر بەو نادادییەی دەرهەق بە هەڤاڵەکانیان دەکرێت. جەخت کراوەتەوە؛ کە هەوڵەکانیان بەردەوام دەبێت تا گەیشتن بە ئازادی تەواوەتی بۆ لاهور شێخ جەنگی و سەرجەم دەستگیرکراوەکان.