بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە تاوەکو خوێندنەوەی یەکەم بۆ یاسای خزمەتی سەربازیی زۆرەملێ بکات. پەرلەمانتارێکیش لەسەر ئەو بابەتە دەڵێت: ‘ئەو پڕۆژە یاسایە ئەگەر پەسەندیش بکرێت لە هەرێمی کوردستان کاری پێناکرێت.’
ئەمڕۆ یەکشەممە 19ی نیسانی 2026 شێروان دووبەردانی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: “پڕۆژەیاساکە چەندین سەرپێچیی یاسایی و پەیڕەوی تێدایە، چونکە لەناو لیژنەی ئاسایش هیچ گفتوگۆ و دەنگدانێکی لەسەر نەکراوە و تەنیا وەک فەرزی ئەمری واقیع خراوەتە کارنامەوە.”
شێروان دووبەردانی گوتیشی: ” هەرێمی کوردستان خاوەن پێشمەرگە و یاسای تایبەت بە خۆیەتی، بۆیە گشتاندنی ئەم یاسایە بۆ کوردستان دەستووری نییە.”
بەپێی ماددەی 3ی پڕۆژەیاساکە، بڕگەکانی ئەم یاسایە بەسەر هەموو هاووڵاتییەکی ڕەگەزی نێر لە عێراقیدا جێبەجێ دەبێت، چ ئەوانەی لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن و چ ئەوانەی لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقن. گەنجان لە تەمەنی 18 ساڵییەوە وەک بانگهێشتکراو هەژمار دەکرێن و لە کاتی جەنگ و باری نائاساییدا، بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران بانگ دەکرێن.