هەورەبروسکە لە قوتابخانەیەکی دا و سێ منداڵ بوونە قوربانی

لە قەزای ‘ئەرغەنیی’ سەر بە پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان، هەورەبروسکە لە حەوشەی قوتابخانەی گوندێکی دا، بەهۆیەوە دوو منداڵ گیانیان لەدەست دا و منداڵێکی دیکەش بەسەختی بریندار بوو.

ئەمڕۆ یەکشەممە 19ی نیسانی 2026 حوسێن یەشێڵ، ئامۆزای منداڵەکان ڕایگەیاند: “چوونەتە ژێر دارێک و هەورەبروسکە لێیانی داوە. هەر یەکەیان کوڕی برایەکمانن. کاتێک گەیەندراونەتە نەخۆشخانە، دووانیان گیانیان لەدەست دابوو، یەکێکیشیان لێرەیە و بریندارە.”

لە لایەکی دیکەوە، ڕەجەب یەشێڵ، یەکێکی دیکە لە ئامۆزاکان دەڵێت: “ئەگەر قوتابخانە کراوە بووایە، ڕەنگە کارەساتێکی گەورە ڕووی بدایە و ژمارەیەکی زۆر لە قوتابییان گیانیان لەدەست بدایە.”

بە گوێرەی زانیارییەکان، هەر سێ منداڵەکە، کە هەورەبروسکە لێی داون، خەڵکی گوندی ‘لەخەری’ن و ئامۆزای یەکترین، تەمەنیشیان لەنێوان 14 بۆ 15 ساڵان دایە.

ئێستا گوندنشینانی ‘لەخەری’ لە لایەک لەبەردەم پەیمانگەی پزیشکیی دادوەری کۆبوونەتەوە و لە لایەکی دیکەش دڵیان لای ئەو منداڵە بریندارەیە کە لە نەخۆشخانەیە. ئەوان دەڵێن؛ “دوو منداڵمان ڕۆیشتن، هیواخوازین لانیکەم ئەمەیان ڕزگاری بێت.”