شەپۆڵێکی زۆر بەهێزی بارانبارین و هەورەبروسکە بەڕێوەیە

شارەزایەکی کەشناسی، پێشبینی دەکات لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بەهێزترین شەپۆڵی بارانبارینی وەرزی بەهارە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان بگرێتەوە، بارانبارینەكە ئەوەندە زۆر و بەهێز دەبێت ڕەنگە لە هەندێك شوێن ببێتە هۆی دروستبوونی لافاو.

ڕۆژی سێشەممە 14ی نیسانی 2026 هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی، شارەزای كەشناسی ڕایگەیاند: “هەرێمی کوردستان و عێراق لە چاوەڕوانی بەهێزترین شەپۆڵی بارانبارینی وەرزی بەهاردایە، هۆشداری دەدەین كە لە ئێستاوە ئامادەکاری بکرێت بۆ هەر ڕووداوێکی نەخوازراو و پێویسته شارەوانییەكان لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان خۆیان بۆ شەپۆڵەكە ئامادە بکەن.”

هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی گوتیشی: “سەرەتا و دەستپێکی شەپۆڵەکە ڕۆژی هەینی لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای عێراق دەبێت، دواتر لە بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە کاریگەرییەكەی دەگاته هەرێمی کوردستان.”

ئەو کەشناسە ئاماژەی بەوەش کرد، “چەقی شەپۆڵەكە لە ڕۆژی شەممەدا دەبێت و هەوری زەبەلاحی باراناوی و تاوەبارانی بەلێزمەی لەناکاو و هەورە بروسکەی بەهێز و ته رزەی بەهێزی لەگەڵدا دەبێت.”

لە کۆتایشدا هۆشداری دا كە مەترسی دروستبوونی لافاو و كۆبوونەوەی ئاویش هەیه له بەشێك لە ناوچە نزمەکانی هەرێمی كوردستان.