لە گوندێکی ناحیەی ‘بجیل’ سەربە قەزای ئاکرێ گەنجێک بەغازی خەڵووز لەناو ژوورێکی داخراودا خنکا و گیانی لەدەستدا.
ئەمڕۆ سێشەممە 14ی نیسانی 2026 ئیبراهیم فەریق بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی ئاکرێ ڕایگەیاند: “گەنجێک بەناوی ئازاد حەسەن لەدایکبووی ساڵی 2000 و خەڵکی گوندی ‘گەلوک’ سەربە ناحیەی ‘بجیل’ لە ژوورێکی داخراودا و بەهۆی غازی خەڵوزەوە گیانی لەدەستداوە.”
ئیبراهیم فەریق گوتیشی: “ئەو گەنجە هەندێک خەڵووزی لە تەشتێک کردووە و لەکاتی خەودا لە ژوورەکەی دایگیرساندووە، بەهۆی دەرکردنی غازی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن، خنکاوە و گیانی لەدەستداوە.”
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی ئاکرێ داواشی لە هاووڵاتییان کرد، بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ڕووداوی هاوشێوە، بەهیچ شێوەیەک لە ژووری قەپات و داخراودا سۆپای نەوت و غاز یان خەڵووز بەکار نەهێنن.