سەرۆک بارزانی: ئەنفال زۆڵمێکی زۆر گەورە بوو لە گەلی کورد کرا

سەرۆک مەسعود بارزانی لە یادی 38 ساڵەی ئەنفالدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: “ئەنفال زوڵمێكی زۆر گەورە بوو، لە هەمانكاتدا وانەیەكی گرنگە بۆ نەوەكانی ئێستا و داهاتوو كە نابێ لەژێر هیچ بارودۆخێكدا فەرامۆش بكرێت.”

ئەمڕۆ سێشەممە 14ی نیسانی 2026 سەرۆک بارزانی لە یادی 38 ساڵەی کارەساتی ئەنفالدا ڕایگەیاند: “ئەنفال برینێکی قووڵە لە دڵی هەموو خەڵکی کوردستان. لە ئەنجامی ئەو کردەوە نامرۆڤانەیەدا 182,000 هەزار هاووڵاتیی کورد، بەبێ ئەوەی هیچ تاوانێکیان کردبێت و تەنیا لەبەر کوردبوونیان، بێسەروشوێن و شەهید کران.”

سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەش کردووە، “کیمیابارانکردن، تەعریب، دەرکردنی بەزۆر، گۆڕینی دیموگرافی و وێرانکردنی هەزاران گوند و هەوڵدان بۆ تێکدانی هەموو بنچینەکانی ژیان لە کوردستان، بەشێکی دیکەی ئەو تاوانانە بوون کە حکومەتی پێشووی عێراق لەدژی گەلی کوردستان ئەنجامی دان.”

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆک بارزانی سڵاوی بۆ گیانی پاکی شەهیدان نارد و هاوسۆزیی خۆی بۆ خێزان و کەسوکاری سەربەرزی ئەنفالکراوان دەربڕی.

دەقی پەیامی سەرۆک بارزانی بۆ 38 ساڵەی کارەساتی ئەنفال:

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان

ئەنفال برینێكی قووڵە لە دڵی هەموو خەڵكی كوردستان، یەکێکە لە گەورەترین تاوانەکان کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی پێشووی عێراقەوە بە شێوەیەکی سیستماتیک و ئامانجدار لە دژی گەلی كوردستان پیادە كرا. لە ئەنجامی ئەو كردەوە نامرۆڤانەیەدا 182 هەزار هاووڵاتیی کورد بە بێ ئەوەی هیچ تاوانێكیان كردبێت و تەنیا لەبەر كوردبوونیانەوە بێسەروشوێن و شەهید كران. هەروەها كیمیابارانكردن، تەعریب، دەركردنی بەزۆر، گۆڕینی دیموگرافی و وێرانكردنی هەزاران گوند و هەوڵدان بۆ تێكدانی هەموو بنچینەكانی ژیان لە كوردستان، بەشێكی تری ئەو تاوانانە بوو كە حكومەتی پێشووی عێراق لەدژی گەلی كوردستان ئەنجامی داوە.

ئەنفال زوڵمێكی زۆر گەورە بوو لە هەمانكاتدا وانەیەكی گرنگە بۆ نەوەكانی ئێستا و داهاتوو كە نابێ لەژێر هیچ بارودۆخێكدا فەرامۆش بكرێت. پێویستە لە ئاستی نێودەوڵەتی ئەم تاوانە بە جینۆساید بناسرێت و لە ئاستی عێراقدا ئەو دڵنیاییە هەبێت کە ئەم تاوانانە لە بەرانبەر گەلی كوردستان هەرگیز دووبارە نابنەوە. هەروەها ئەركی سەرشانی دەوڵەتی عێراقە قەرەبووی ئەنفال و ئەو جینۆسایدە بكات كە لەدژی میللەتەكەمان ئەنجام دراوە.

لە یادی سی و هەشت ساڵەی كارەساتی ئەنفالدا هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی ئەنفال و هەموو شەهیدانی كوردستان دەنێرین، و هاوبەشی خەم و ئازاری خێزان و كەسوكاری سەربەرزی ئەنفالین.

مسعود بارزانی

14-4-2026