بافڵ تاڵەبانی: تاوان و کارەساتی ئەنفاڵ برینێکی گەورەی سەر دڵمانە

بەبۆنەی 38 هەمین ساڵیادی ئەنفالەوە، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە؛ زامە قووڵەکانمان هەمیشە هانمان دەدەن بە وەفادارییەوە، خزمەتی خەڵک و خاکەکەمان بکەین.

ئەمڕۆ سێشەممە 14ی نیسانی 2026 بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند: “تاوان و مەرامەکان بۆ سڕینەوەی گەلەکەمان بەشێکن لە مێژوویەکی تاڵ، بەڵام ورەیەکە بۆ مانەوە و بەهێزیی ئیرادەی نەتەوەیی و کوردبوونمان کە قەت هیچ هێزێک نەیتوانیوە لەناوی بەرێت.”

بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوەش کردووە، “تاوان و کارەساتی ئەنفال کە جینۆسایدکردنی گەلەکەمان بوو، برینێکی گەورەی سەر دڵمانە، ئازارێکە بۆ هەمیشە لەبەردەمیدا ڕادەوەستین و دەست لەسەر سنگ یادی لەدەستدانی ئازیزانمان دەکەینەوە.”

دەقی پەیامەکەی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان:

زامە قووڵەکانمان هەمیشە هانمان دەدەن بە وەفادارییەوە، خزمەتی خەڵک و خاکەکەمان بکەین. تاوان و مەرامەکان بۆ سڕینەوەی گەلەکەمان بەشێکن لە مێژوویەکی تاڵ، بەڵام ورەیەکە بۆ مانەوە و بەهێزیی ئیرادەی نەتەوەیی و کوردبوونمان کە قەت هیچ هێزێک نەیتوانیوە لەناوی بەرێت.

تاوان و کارەساتی ئەنفال کە جینۆسایدکردنی گەلەکەمان بوو، برینێکی گەورەی سەر دڵمانە، ئازارێکە بۆ هەمیشە لەبەردەمیدا رادەوەستین و دەست لەسەر سنگ یادی لەدەستدانی ئازیزانمان دەکەینەوە.

لەم ڕۆژەدا جەخت لەوە دەکەینەوە کە لە خەمی قووڵی کەسوکاری سەربەرزی ئەنفالکراوان تێدەگەین و هەوڵی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەوەیە کە خەم و ئازارەکان بگۆڕێت بۆ هیوا و بونیادنانی ژیانێکی نوێ کە ئەمەش بە برایەتی و پێکەوەییمان دەبێت تاوەکو پێکەوە کاربکەین و هەنگاوبنێین بۆ خزمەتکردنی خەڵکە خۆشەویستەکەمان.

دروود و سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ئەنفال و سەرجەم شەهیدانی کوردستان

بافڵ جەلال تاڵەبانی

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان