پاسێک وەرگەڕا و 14 قوتابی بوونە قوربانی

بەیانی ئەمڕۆ لەسەر ڕێگای سەرەکیی نێوان دهۆک و شارەدێی سەرسنک، پاسێکی بچووکی گواستنەوەی قوتابیان وەرگەڕا و بەهۆیەوە 14 قوتابی بریندار بوون و ڕەوانەی نەخۆشخانە کران.

ئەمڕۆ دووشەممە 13ی نیسانی 2026 بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی ئامێدی ڕایگەیاند: “پاسەکە ژمارەیەک قوتابی زانکۆی زاخۆی هەڵگرتبوو، لەکاتی چوونیان بۆ زانکۆ، پاساکە وەرگەڕاوە و بەهۆیەوە سەرجەم قوتابییەکان کە ژمارەیان 14 کەس بووە برینداربوون.”

بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوەش کرد، سەرجەم قوتابییەکان کچ بوون و ڕووداوەکەش بەهۆی خراپی کەشوهەوا و بارانبارین و بەفربارین بووە، کە بووەتە هۆی خلیسکانی ڕێگاکە و وەرگەڕانی پاسەکە.”

بەگوێرەی زانیارییەکان؛ دوای ڕووداوەکە بریندارەکان گەیەندراونەتە نەخۆشخانەی ئازادیی فێرکاری لە دهۆک وچارەسەری سەرەتاییان بۆ کراوە.