لە 12 مزگەوت وتاردان ڕاگیرا

بەهۆی زۆری ژمارەی مزگەوتەکان و نزیکییان لەیەکتر، ئەوقافی کۆیە بڕیاریدا بە ڕاگرتنی وتاری هەینی لە 12 مزگەوتی ناوچەکە.

ئەمڕۆ سێشەممە 28ی تەممووزی 2026 عەبدوڵڵا ئەنوەر، بەڕێوەبەری ئەوقافی کۆیە ڕاگەیاند: “لە کۆیە لە 31 مزگەوت وتاری ڕۆژی هەینی دەدرێت، ئەو ژمارەیە پێچەوانەی ڕێنماییە شەرعییەکانە، نزیکی مزگەوتەکانیش لە یەک وایکردووە ڕۆژانی هەینی دەنگی مەلاکان تێکەڵ بێت.”

عەبدوڵڵا ئەنوەر، گوتیشی: “لە شاری کۆیە، جگە لە مزگەوت (جامع) کە وتاری لێ دەدرێت، هەندێک لەمزگەوتەکان نێوانیان تەنها 100 مەترە، وەک مزگەوتی حاجی مەغدید حەیدەری و مزگەوتی کانی بسکان، لەنێوان ئەم دوو مزگەوتە مزگەوتی کوێخا مەمەند هەیە، هەریەک لەو مزگەوتانە چەند مەترێک لەیەک دوورن.”

بەڕێوەبەری ئەوقافی کۆیە ڕوونیشیکردەوە، ناکرێت لە هەر سێ مزگەوت وتار هەبێت، بۆیە وتاری دوان لەو مزگەوتانە ڕاگیراوە.

لە کۆتایشدا ئاماژەی بەوە کرد، “دوای دوو هەفتەی دیکە هەڵسەنگاندن دەکەینەوە، ئەگەر ژمارەی نوێژخوێنان لە ڕۆژی هەینی لەو 21 مزگەوتە بەشی نەکرد بەپێی شوێن، ژمارەی مزگەوتەکان زیاد دەکەینەوە.”