وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: ‘ هەر کەسێک زبڵ و خاشاک لە سروشتدا بەجێبهێڵێت بە 100هەزار تاوەکو 10 ملیۆن دینار سزادەدرێت.’
ڕۆژی پێنجشەممە 23ی نیسانی 2026 وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: “بە نوسراوی ژمارە 11255 بە واژۆی ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، پۆلیس، بەرگریی شارستانی، پۆلیسی ژینگە و دارستان، پۆلیسی هاتووچۆ و تەواوی دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی وەزارەتی ناوخۆ ڕاسپێردران کە بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان، ڕێکاری کرداری بۆ پاراستنی ژینگە و سروشتی کوردستان بگرنە بەر و سزای دارایی بەپێی یاسا بەسەر هەر کەس و لایەنێک بسەپێنن کە ژینگە پیسدەکات.”
وەزارەتی ناوخۆ لە ڕاگەیەندراوەکەدا دەشڵێت: لە گشتاندنێکدا داوا لە دامەزراوەکان کراوە کە لە ڕێی خۆیانەوە ئاگاداری هاووڵاتییان بکەن کە؛ “هەر کەسێک پاشماوەی گەشت بەجێ بهێڵێت و ببێتە هۆی پیسکردنی ژینگە، ڕێکاری یاسایی بە پێی بڕگەی سێیەم لە ماددەی چل و دووەم لە یاسای پاراستن و چاککردنی ژینگە لە بەرانبەر دەگیرێتە بەر کە سزای پێبژاردنە لە 100 هەزار دینار کەمتر نەبێت و لە 10 ملیۆن دینار زیاتر نەبێت، دامەزراوەکانی پۆلیس هاوکاریی دەستەکە دەکەن لە سەپاندنی ئەم سزایە.”
ئەم هۆشدارییە توندەی وەزارەتی ناوخۆ دوای ئەوە دێت، کە لە ماوەکانی ڕابردوو چەندین شوێنی گەشتیاری لەلایەن هاووڵاتییانەوە بە پیسی بەجێدەهێڵران.