سەرۆکایەتیی دیوانی پەرلەمانی کوردستان بانگهێشتی پەرلەمانتاران دەکات

سەرۆکایەتیی دیوانی پەرلەمانی کوردستان داوا لە سەرجەم پەرلەمانتاران دەکات، ڕۆژی چوارشەممە، کاتژمێر 11:00ی پێشنیوەڕۆ لە هۆڵی پەرلەمان ئامادە بن.

ئەمڕۆ سێشەممە، سەرۆکایەتیی دیوانی پەرلەمانی کوردستان لە ڕێگەی نووسراوێکەوە کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری پەرلەمان و لێژنەکانەوە ئاراستەی پەرلەمانتاران کراوە، بانگهێشتی فەرمیی سەرجەم ئەندامانی پەرلەمانی کرد بۆ بەشداریکردن لە دانیشتنێکدا.

سەرۆکایەتیی دیوانی پەرلەمانی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، ئامانجی بانگهێشتنامەکە بۆ تەواوکردنی بڕگەکانی دانیشتنی یەکەمی خولی پایزەی ساڵی یەکەم، لە خولی هەڵبژاردنی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان.

لە بانگهێشتنامە فەرمییەکەدا هاتووە: “بانگهێشتی گشت ئەندامە بەڕێزەکانی پەرلەمان دەکەین بۆ تەواوکردنی بڕگەکانی دانیشتنی (یەکەمی خولی پایزەی ساڵی یەکەم لە خولی هەڵبژاردنی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان – عێراق، لە کاتژمێر 11ـی پێشنیوەڕۆ ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی 2026/11/4، تکایە لە کاتی دیاریکراودا ئامادە بن.”

ئەمە لەکاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ ڤاڵا فەرید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، لەسەر بنەمای بانگهێشتی سەرۆکی هەرێم، یاسای هەڵبژاردن و داواکاری سەرۆکی تەمەن، داوای لە گشت پەرلەمانتاران کرد، لە هۆڵی پەرلەمان ئامادە بن بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکانی دانیشتنی یەکەم.