لە کۆبوونەوەی نێوان سەرۆک بارزانی و عەلی باپیر باسی چی کراوە؟

گوتەبێژی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان ئاشکرای دەکات، سەردانەکەی عەلی باپیر بۆ پیرمام لە هەستکردن بە بەرپرسیارییەتی بووە بەرامبەر دۆخی چەقبەستووی هەرێم.

موحەممەد حەکیم، گوتەبێژی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان ڕایگەیاند، “سەردانەکەی عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری بۆ پیرمام گۆڕینەوە و لە هەستکردن بە بەرپرسیارییەتی بووە سەبارەت بە بارودۆخی هەرێم و دۆخە چەقبەستووەکەی، هاوکات خستنەڕووی کێشەکان و ڕێگەچارەکان بووە لەبارەی گرانی و خراپیی ژیانی هاووڵاتییان.”

گوتەبێژی کۆمەڵ ئاشکرای دەکات هەوڵێک هەیە بۆ کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی، بەڵام تاوەکو ئێستا هەردوولا ڕازی نین کۆببنەوە و هیچ بەرەوپێشچوونێک بۆ کاراکردنی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەتی نوێ فەراهەم نەبووە.

موحەممەد حەکیم گوتیشی: ” پێویستە لایەنەکانی دەرەوەی ئەم دوو حیزبە بە خۆیاندا بچنەوە و هەڵوێستی جیاوازیان هەبێت و فشار ببەستن، هەرچەندە ڕوون و ئاشکرایە لایەنەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتیش لە نێوان خۆیاندا تەبا نین.”

وەڵامی پارتی چی بووە؟

 عەبدولستار مەجید، ئەندامی باڵای ئەنجوومەنی کۆمەڵی دادگەری ڕایگەیاند: ” لە کۆبوونەوەکەدا پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەیی خۆی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان دەربڕیوە و بە ڕاشکاوانە بە شاندی کۆمەڵ گوتراوە “ئامادەین بۆ کۆبوونەوە”، بەڵام داوکارین ئەگەر کۆبوونەوە دەکرێت زەمینەسازی بۆ بکرێت بۆ ئەوەی کۆبوونەوەیەکی بەرهەمدار و ئەرێنی بێت و بتوانێت هەرێمی کوردستان لەو کێشە و گرفتانەی هەیەتی دەرباز بکات.”

ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنێ عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان سەردانی سەرۆک بارزانی کرد و لە پیرمام کۆبوونەوە.