لە 43 یەمین ساڵیادی ئەنفالی بارزانییەکاندا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاو کردەوە و جەختی لە ئەرکی ئەخلاقی و یاساییی حکومەتی عێراق کردەوە بۆ قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری ئەنفالکراوان و تەواوی قوربانییانی دەستی ڕژێمی پێشوو.
ئەمڕۆ هەینی 31ـی تەممووزی 2026 نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: “ئەمڕۆ چل و سێ ساڵ بەسەر تاوانی جینۆساید و ئەنفالکردنی هەشت هەزار مێردمنداڵ و گەنج و پیاوی سڤیلی بارزانیدا تێدەپەڕێت. لەم یادە بەئازارەدا، سەری ڕێز و نەوازش لەبەردەم گیانی پاکی شەهیداندا دادەنوێنین و بە شکۆوە یادیان دەکەینەوە.”
نێچیرڤان بارزانی دەشلێت: “جینۆسایدکردنی بارزانییان و گشت شاڵاوەکانی ئەنفال، برینی قووڵى نيشتمانن، بەڵام ئیرادەی گهلى كوردستانيان بۆ مانەوە و بەرگری لە مافە رەواکانی بەهێزتر کرد. لێرەوە جارێکی دیکە جەخت لەسەر ئەرکی ئەخلاقی و یاساییی حکوومەتی عێراق دەکەینەوە بۆ قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری ئەنفالكراوان و تهواوى قوربانییانی دەستی رژێمی پێشوو.”
سەرۆکی هەرێم هەروەها سوپاسی خەڵکی دڵسۆز و وهفادارى شاری هەولێر و دەوروبەری كرد کە لەو ڕۆژگاره سەختانەدا بوونە هاوکار و پەناگە بۆ خێزانە لێقەوماوەکانی بارزانييان.
دەقی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە یادی 43 ساڵەی ئەنفالی بارزانییەكاندا:
ئەمڕۆ چل و سێ ساڵ بەسەر تاوانی جینۆساید و ئەنفالکردنی هەشت هەزار مێردمنداڵ و گەنج و پیاوی سڤیلی بارزانیدا تێدەپەڕێت. لەم یادە بەئازارەدا، سەری ڕێز و نەوازش لەبەردەم گیانی پاکی شەهیداندا دادەنوێنین و بە شکۆوە یادیان دەکەینەوە.
دوای ئەم تاوانە دڕندانەیە، ئەرکێکی قورس کەوتە سەر شانی دایکان و هاوسەرانی سەربەرزی بارزانی. ئەوان بە خۆڕاگری، ورەی بەرز و بەخێوکردنی ڕۆڵەکانیان لەناو ڕەنج و ئهوپهڕى سهختيدا، نەک هەر ڕێگەیان نەدا ئامانجی دوژمنان بۆ قڕکردنی ئەم گەلە بێتە دی، بەڵکوو نەوەیەکی نيشتمانپهروهريان بۆ داهاتووى کوردستان پێگەیاند. دەستی یەک بە یەکی ئەو دایکە ماندوو و میهرهبانانه ماچ دەکەم.
جینۆسایدکردنی بارزانییان و گشت شاڵاوەکانی ئەنفال، برینی قووڵى نيشتمانن، بەڵام ئیرادەی گهلى كوردستانيان بۆ مانەوە و بەرگری لە مافە ڕەواکانی بەهێزتر کرد. لێرەوە جارێکی دیکە جەخت لەسەر ئەرکی ئەخلاقی و یاساییی حکوومەتی عێراق دەکەینەوە بۆ قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری ئەنفالكراوان و تهواوى قوربانییانی دەستی ڕژێمی پێشوو.
دووپاتى دهكهينهوه كه دەبێ تاڵییەکانی ڕابردوو و ئازاری کارەساتەکان، بۆ داهاتوو ببنە پهند و وانه و هەوێنی چەسپاندنی کولتووری یەکترقبووڵکردن و تەبایی، تا ڕێزلهيهكگرتن و لێكگەیشتن و ئاشتییەکی بەردەوام، كۆكهرهوهى ههموو پێكهاتهكانى عێراق بێت و ههمووان بە شکۆ و سەربەرزی پێكهوه بژین.
لەم یادەدا، سڵاو و پێزانینی قووڵمان ئاراستەی خەڵکی دڵسۆز و وهفادارى هەولێر و دەوروبەری و سنووری پارێزگاکه و هەموو ئەو جوامێرانە دەکەین کە ئەو ڕۆژگاره سەخته هاوکار و پەناگە بوون بۆ خێزانە لێقەوماوەکانی بارزانييان.
سڵاو و دروود بۆ گیانی پاکی ئەنفالکراوانی بارزانی و تەواوی شەهیدانی کوردستان.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان