لە گەرمەی یاریکردن بووە شەڕە تەقە و منداڵێک کوژرا

شەوی ڕابردوو لە شارەدێی کۆڕێ لە سنووری پارێزگای هەولێر،  لەكاتی ئەنجامدانی یارییەكی تۆپی پێ، شەڕەتەقەیەک ڕوویدا و بەهۆیەوە منداڵێک گیانی لەدەستدا، ئەمڕۆش پۆلیسی هەولێر دەستگیرکردنی چوار تۆمەتباری لەسەر ئەو ڕووداوە ڕاگەیاند.

ڕووداوەکە چۆن ڕوویداوە؟

بەگوتەی شایەتحالێک، “لە ناحیەی كۆڕێ لەكاتی ئەنجامدانی یارییەكی تۆپێ پێ دا، بەچەند كەسێك لە گەنجێكیان دا، دواتر شەڕەكە كۆتاییهات، بەڵام دوێنێ كەسوكاری ئەو گەنجەی كە لێیدرابوو بە چەكی “بی کەی سی” تەقەیان لە ئۆتۆمبێلێك كردووە كە خزمی گەنجەكانی دیكە بوون و بەهۆیەوە كچێك بەناوی “رۆزیا موحەممەد” كە تەمەنی چوار ساڵ بوو كوژراوە.”

شایەتحاڵەکە گوتیشی: “منداڵەكە نەخۆش بووە و بۆ وەرگرتنی چارەسەر سەردانی دكتۆریان كردووە و لەكاتی گەڕانەوەیان تەقەیان لێكراوە و ئەو خێزانەش هیچ پەیوەندییان بە شەڕەكەوە نەبووە و تەنیا خزمی ئەو گەنجانە بوونە كە شەڕەكەیان كردووە.”

پۆلیسی هەولێر لەسەر ڕووداوەکە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو لەڕێکەوتی 7/6/2026 ڕووداوێکی تەقەکردن ڕوویدا لە شارۆچکەی کۆڕێ کە بووە هۆی گیان لە دەست دانی منداڵێکی تەمەن 4 ساڵان دەستبەجێ تیمەکانی پۆلیسی هەولیر دەستیان کرد بە لێکۆلینەوە و لە ئەنجامدا توانرا تۆمەتباران دەست نیشان بکرێن.

بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەکەی پۆلیسی هەولێر، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە تۆمەتباران هەريەک لە(م-ف-ک) (ف-ک-ح) (ش-م-ح) (ج-ج-ش)دەستگیرکران بەپێ ی مادەی (406/ياسای سزادان) ڕاگيراون. وە لێکۆڵينەوە لە پەڕاوەکە بەردەوامە.