پۆلیسی هەولێر: ئاسۆ مەجيد قادری پێشمەرگە خۆی کوشتووە

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، تۆمەتبارێک کە بەپێی یاسا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووبوو، لەناو گرتووخانەدا کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە و لێکۆڵینەوەکان و ڕاپۆرتی پزیشکی دادوەریش ئەو راستییەیان پشتڕاست کردووەتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 7ی حوزەیرانی 2026 بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە ڕوونکردنەوەیەکدا ڕایگەیاند: تۆمەتبار (ئاسۆ مەجید قادر) لەدایکبووی ساڵی 1977، کە پیشەی پێشمەرگە بووە لە یەکەی پاسەوانیی سەر بە هێزەکانی زێرەڤانی، لە ناو گرتووخانەدا کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوەش کردووە، تۆمەتبارەکە بەگوێرەی ماددەی 1 لە یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003 دەستگیر کراوە. ناوبراو پێشتر و لە ڕێکەوتی 2ی نیسانی 2026 لەلایەن تیمەکانی پۆلیسەوە دەستگیر کرابوو.

لە ڕاگەیەندراوەکەی پۆلیسی هەولێر ئەوەش هاتووە، ناوبراو لە کاتژمێر (12:20ی نیوەڕۆ)،لەناو گرتووخانەدا کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە تيمی بەڵگە و تاوان و بەشی پۆليسی نەهێشتنی تاوان لە بەڕێوەبەرايەتی پۆليسی پارێزگای هەولێر و ڕاپۆڕتی پزيشکی دادوەری پشتڕاستی دەکەنەوە بە پشت بەستن بە بەڵگەی سەلمێنراو کە ناوبراو کۆتایی بەژيانی خۆی هێناوە.