مەلۆتکەیەکی تەمەن چەند ڕۆژە لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری قامیشلۆ لەلایەن خێزانەکەی فڕێ دەدرێت و پاش فڕێدرانی لەلایەن جرج و مشکەوە بەشێکی جەستەی دەخورێت و لە ئێستادا برینی مەترسیداری بۆ دروستبووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 3ی حوزەیرانی 2026 سەرچاوە هەواڵییەکان ڕایانگەیاند: لە گەڕەکێکی شاری قامیشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان، منداڵێکی کچی تەمەن چەند ڕۆژە دۆزراوەتەوە، کە بەشێک لە نێوچاوانی لەلایەن جرج و مشکەوە خوراوە.
ئەو منداڵە لە ئێستادا لەژێر چاودێری پزیشکی دایە و دکتۆر موسا داود، کە سەرپەرشتی دۆخی منداڵەکە دەکات، دەڵێت: کاتێک منداڵەکە گەیێندرایە نەخۆشخانە، شوێنی گەستنی جرج بە جەستەیەوە دیاربوو، وا دیار بوو کە سەرەتا ویستوویانە قاچی بخۆن، بەڵام بەهۆی جوڵاندنی قاچەکانی بەشێک لە سەر نێوچاوانیان خواردووە.
منداڵەکە لەلایەن دانیشتوانی گەڕکەکە لە ناو زبڵدانێک دۆزراوەتەوە و دکتۆر موسا هۆشداریی دەدات، گەر برینی نێوچاوانی منداڵەکە بە زووی چارەسەر نەکرێت، مەترسی لەسەر ژیانی هەیە.
لە ئێستادا منداڵەکە ناونراوە “پەمبە” و نووسینگەی پاراستنی منداڵان و دەستەی کاروباری کۆمەڵایەتیی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر دەڵێت: پەمبە منداڵێکی چالاکە و سەرەڕای برینکەکانی جەستەی، جوڵەی زۆر باشی هەیە.