پارتی ئازادیی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: “بەرەبەیانیی ئەمڕۆ تاران لە ڕێگەی چوار درۆنەوە هێرشی کردووەتە سەر یەکێک لە بارەگاکانی سوپای میللیی کوردستان و بەو هۆیەوە پێنج پێشمەرگە بریندار بوون.”
ئەمڕۆ چوارشەممە 22 نیسانی 2026 پارتی ئازادیی کوردستان ڕایگەیاند: “هێرشەکە لە کاتژمێر 01:24 خولەکی بەرەبەیانی ئەنجامدراوە. لە ئاکامی ئەم هێرشەدا پێنج پێشمەرگەی سوپای میللیی کوردستان بریندار بوون.”
پارتی ئازادیی کوردستان لە ڕاگەیەندراوەکەی دا دەڵێت: “ئەوانەی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ بە درۆنی ئێرانی پێکراون، قارەمانەکانی شەڕی سێ ساڵەی دژی داعش و تێکشکێنەرانی پەلامارەکانی 20ی ئۆکتۆبەری 2017ی هێزی قودس و حەشدی شەعبین بۆ سەر هەولێر.”
پارتی ئازادی ئاماژەی بەوەش کرد، “ئەم هێرشە تەنیا دوو کاتژمێر دوای ئەوە هات کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا بڕیاری درێژکردنەوەی ئاگربەستی ڕاگەیاند.”
لە 28ی شوباتەوە تاوەکو ئەمڕۆ، هەرێمی کوردستان بە 732 درۆن و مووشەک هێرشی کراوەتەسەر، لە ئەنجامدا 21 کەس گیانیان لەدەستداوە و 99 کەسیش بریندار بوون.